Saturday

LES BIENFAIS DE LA LUNE - هه‌ست و مێهره‌بانی مانگ



هه‌ست و مێهره‌بانی مانگ

مانگ که‌ زۆر دڵ ته‌ڕه‌، کاتێ له‌ بێشکه‌دا خه‌وتبووی، له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ سه‌یری کردی، به‌ خۆی وت: "چ مناڵێکی خوێن شیرین!"
به‌ نه‌رمی به‌ پله‌ی هه‌وره‌کان دا هاته‌ خوار و به‌ئه‌سپایی له‌ شیشه‌وه‌ هاته‌ ژوور ‌و، ئه‌وجار وه‌ک دایکێکی نه‌رم و دڵسۆز باوشی پیاکردی و تریفه‌ی ره‌نگه‌کانی له‌ روخسارت هاویشت، له‌و کاته‌وه‌ پێڵوه‌کانت سه‌وزن و گۆناکانت زۆر بێ ره‌نگن. 
به‌ دیتنی ئه‌م میوانه‌ چاوه‌کانت ئێجگار گه‌وره‌ بووگن؛ هێنده‌ به‌ حه‌زه‌وه‌ گه‌رووتی گووشیوه‌، که‌ تا ماوی ته‌مانای گریانت هه‌یه‌. 
به‌مه‌یشه‌وه‌ مانگ به‌ شۆڵه‌ی شادی به‌خشی، وه‌ک جۆباری زیوین، هه‌موو ژووره‌که‌ی وه‌ک ژه‌هرێکی پرشنگدار پڕ ده‌کرد و؛ به‌ هه‌موو تیشک و وزه‌یه‌وه‌ ده‌یوت: "کاریگه‌ری ئه‌م ماچه‌م هه‌میشه‌ له‌ تۆدا ده‌مێنێ. وه‌ک من جوان ده‌بی. ئه‌وه‌ی من خۆشم بووێ، خۆشت ده‌وێ و، ئه‌وه‌ی منی خۆش بووێ، خۆشت ده‌وێ: ئاو و هه‌ور و شه‌و و بێده‌نگی؛ ده‌ریای سه‌وز و بێ سنوور؛ شینی بێ رومه‌ت و هه‌زار رومه‌ت؛ شوێنێک که‌ له‌وێ نیت؛ دڵدارێک که‌ نایناسیت؛ گوڵی هه‌ره‌ مه‌زن؛ عه‌تری سێحراوی؛ ئه‌و پشیلانه‌ که‌ له‌سه‌ر پیانۆ بێ هۆش ده‌بن و وه‌کوو ژنان به‌ ده‌نگێکی نزم و نه‌رم ده‌ناڵێنن! 
"ده‌بی به‌ خۆشه‌ویستی دڵداره‌کانم، دۆست و هه‌ڤاڵانم. ده‌بی به‌ شاژنی پیاوانێکی چاوسه‌وز که‌ له‌ ژوانێکی شه‌وانه‌دا گه‌رووی ئه‌وانیشم گووشیوه‌؛ پیاوانێک که‌ عاشقی ده‌ریان، عاشقی ده‌ریای بێ سنووری سه‌وز و په‌رێشان، ئه‌ڤینداری شینایی بێ رومه‌ت و هه‌زار روومه‌ت، ئه‌ڤیندارنی شوێنی نه‌دیو، ژنی نه‌ناسراو، گوڵی نامۆ، عه‌ترێک که‌ هه‌ست و هۆش ده‌ڕفێنێ و مرۆڤ شه‌یدا ده‌کا، ئاژه‌ڵانێکی وه‌حشی و پڕشه‌هوت که‌ دیمه‌نی شێتی خۆیانن."
هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ ئه‌ی کیژی گرانی به‌ناز و له‌عنه‌تی که‌ ئێستا له‌به‌ر پێتا خه‌وتووم و، له‌ هه‌موو جه‌سته‌ت دا بۆ دیمه‌نی ئه‌م خودا‌ ترسناکه‌ ده‌گه‌ڕێم، ئه‌م دایکه‌ی چاره‌نووس، ئه‌م دایه‌نه‌ ژه‌هرینه‌ی هه‌موو مانگ گرتووان.

وه‌رگێڕانی هادی محه‌مه‌دی

No comments:

Copyright © All Rights Reserved by Sohrab Mokhtari