Saturday

Charles Baudelaire: Anywhere Out of the World


له‌ هه‌ر شوێنێک به‌ده‌ر له‌م دنیایه‌

ئه‌م ژیانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک ده‌چێ که‌ هه‌ر کام له‌ نه‌خۆشه‌کانی ده‌یه‌وێ شوێنی خۆی بگۆڕێ. یه‌کێ ده‌یه‌وێ له‌پاڵ زۆپا ئازار بچێژێ، ئه‌ویدێ واده‌زانێ که‌ له‌ ته‌نیشت په‌نجه‌ره‌ حاڵی باش ده‌بێ. مرۆڤ هه‌رده‌م پێی وایه‌ له‌و شوێنه‌دا به‌خته‌وه‌ر ده‌بێ که‌ لێی دووره‌؛ به‌جۆرێک که‌ پرسی جێگه‌ و شوێن بۆته‌ پرسی دایمی من و رۆحم.
"ده‌ پێم بڵێ ئه‌ی رۆحی کڵۆڵم، ئه‌ی رۆحی سه‌هۆڵبه‌ستووی هه‌ژارم، ده‌ته‌وێ له‌ شاری لیسبون بژی؟ ده‌بێ هه‌وای ئه‌وێ گه‌رم بێ، ره‌نگه‌ وه‌ک مارمه‌زووک له‌وێ، دیسان گیانت تێبکه‌وێ، شارێک له‌ که‌ناری ده‌ریا که‌ ده‌ڵێن له‌ به‌ردی مه‌ڕمه‌ڕ چی کراوه‌ و دانیشتوانی هێنده‌ له‌ گژ و گیا بێزارن که‌ هه‌موو دره‌ختێک له‌ رێشه‌وه‌ هه‌ڵده‌کێشن. وه‌ها چاوه‌نازێکی هه‌یه‌ به‌ دڵی تۆ؛ دیمه‌نێکی دڵبزوێن پێکهاتوو له‌ نوور و به‌رد که‌ له‌ ئاودا ده‌شکێته‌وه‌!"
رۆحم کڕ که‌وتووه‌ و وڵام ناداته‌وه‌.
"تۆ که‌ شه‌یدای ئارامی و دیتنی ره‌وت و بزاوتی، ده‌ته‌وێ له‌ هۆڵه‌ند، له‌م وڵاته‌ به‌خته‌وه‌ره‌ بژیت؟ ره‌نگه‌ تۆ که‌ به‌رده‌وام له‌ مۆزه‌کان دیمه‌نه‌کانی ئه‌م وڵاته‌ت ‌ستایش کردووه‌، به‌ دڵت بێت. ئه‌ی له‌مه‌ڕ روتردام چی ده‌ڵێی؟ ئاخر ده‌زانم که‌ تۆ‌ شه‌یدای دارستانی ده‌که‌ڵه‌کان و ئه‌و پاپۆڕانه‌ی که‌ له‌گه‌ڵ خانووه‌کان جووت بووگن؟"
"ره‌نگه‌ باتاویا پتر به‌ دڵت بێت؟ وه‌ک ده‌زانی له‌وێ رۆحی ئوروپا له‌گه‌ڵ جوانی ئستوا تێکه‌ڵ بووه‌."
رۆحم کڕو بێ ده‌نگ، لاڵ بووه‌- ده‌ڵێی‌ مردووه‌!
"ره‌نگه‌ هێنده‌ سڕ بووگی، که‌ له‌گه‌ڵ ناخۆشی خۆت راهاتوویی؟ ده‌ی ئه‌گه‌ر وایه‌، ده‌چین بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ که‌ هێمای مه‌رگن-‌ ئه‌ی رۆحی کڵۆڵم، من ده‌زانم حاڵت‌ چۆنه‌! بار و بنه‌مان هه‌ڵده‌گرین و ده‌چین بۆ به‌نده‌ری تورنه‌ئا . له‌وه‌ش واوه‌تر ده‌چین، تا کۆتایی ده‌ریای بالتیک؛ ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر کرا له‌ ژیان ئه‌ولاتر ده‌چین؛ ده‌چین بۆ قوتب. ئه‌وێ که‌ هه‌تاو به‌لاره‌لار ده‌ستێ به‌سه‌ر زه‌وی دا ده‌کێشێ و نوور و تاریکی به‌هێوری شوێن ده‌گۆڕن، ژیانێکی یه‌کده‌ست، ره‌وشی پووچی ئه‌وێ پووچتر ده‌کات. له‌وێ تا ده‌توانین جه‌سته‌ به‌ سێبه‌ر ده‌سپێرین، هه‌موو رۆژێ کازیوه‌ی قوتب، چه‌پکه‌ گوڵی سوورمان به‌دیاری بۆ ده‌نێرێ، که‌ له‌ شۆڵه‌ی شکاوه‌ی ئاوری دۆزه‌خ ده‌چێ!"
سه‌رئه‌نجام رۆحم لێم تووڕه‌ بوو، وه‌ده‌نگ هات و ژیرانه‌ هاواری کرد: "گرنگ نییه‌ کوێ بێ! گرنگ نییه‌! ته‌نیا شوێنێک به‌ده‌ر له‌م دنیایه‌!"

وه‌رگێڕانی هادی محه‌مه‌دی

No comments:

Copyright © All Rights Reserved by Sohrab Mokhtari